بێگومان یەکێک لە لوتفەکانی خوای گەورە و بێهاوتا ئەوەیە کە: لە ڕێگەی ئایینی پاکی ئیسلامەوە پلە و پایەیەکی بەرز بە تاقمێک لە بەندەکانی لە دونیا و قیامەت دەبەخشێت.
پەروەرێنی بێهاوتا، نیعمەتی پیرۆز و ناوازەی ئیسلامی بە هەموو کەسێک نەبەخشیوە و ناشیبەخشێت؛ لە لایەکی ترەوە ژمارەیەکی دەگمەن له خەڵک لەپاڵ ئەو نیعمەتە سەردەکەون و بە باشترین شێوه زانستی پێوەندیدار بەو ئایینە فێر دەبن و دواتر بەپێی ویست و خواستی ئەو زانستە بە نیازێکی پاکەوە هەڵسووکەوت دەکەن.
ئەو کەسایەتییە سەربەستانە ڕەنگە لەچاو خەڵکانی تر کەمتر بژین، بەڵام هەر ئەو تەمەنە کورتەشیان بەجۆرێک پڕ لە خێر و بێرە کە: کاری سەدان ساڵ لەو ماوە کورتەدا جێبەجێ دەکەن.
لەڕاستیدا بەرێز مامۆستا عەبدوڵڵاهـ عومه‌ری {ڕەحمەتی خوای لێ بێت} لە ڕیزی ئەو کاروانە بووە کە خۆشەویستییەکەی لەپێش کۆچکردن و لەپاش کۆچکردنیشی لە دڵی دۆستانیدا جێگیر بوو و ئەمەش شتێکی شاراوە نییە. لەو نووسراوەدا پوختەیەک لە ژیان و کەسایەتیی نەتەوەیی ئەو زانا هۆزانە و هەندێک لە چالاکییەکانی دەخەینە بەرچاوی خوێنەرانی ڕێزدار.

ژیاننامەی مامۆستا عەبدوڵڵاهـ عومەری

مامۆستا عەبدوڵڵاهـ عومەری کوڕی حەسەن، ناسراو بە { مامۆستا عەبدوڵڵای تووژەڵێ}، بیست و یەکی پووشپەڕی ساڵی “١٣١۴”ی کۆچی هەتاوی لە ئاواییی قەڵاتەڕەشی پیرانشار { خانێ } لە بنەماڵەیەکی ئاییندۆست و نیشتیمانپەڕوەر لە دایکبوو، باوکی یەکێک لە باوەڕپێکراوەکانی ئاوایی و بانگبێژی مزگەوت بووه. مامۆستا لەبەر هۆگری زۆر بە زانستی ئایینی، توانی تا ڕادەیەک بابەتە ئایینییەکان فێر بێت و لە کاتی نەبوونی پێشنوێژی ئاوایی کاروباری مزگەوت (وەک پێشنوێژیکردن) وەئەستۆ بگرێت. گه‌رچی خوالێخۆشبوو لە خزمەت مامۆستای ئاوایی کەڵکی وەرگرتبوو، بەڵام بە شێوەی فەڕمی لە حوجرەی ئاواییی گەزگەسکی پیرانشار خوێندنی زانستە ئایینییەکانی لە خزمەت مامۆستا ساحیب دەست پێ کرد. هاندان و دڵگەرمکردنی دەورووبەرییەکان لە لایەک و لە لایەکی ترەوە نەبوونی پێداویستییەکانی فێرکاری لەو کاتدا، مامۆستا عەبدوڵڵای هان دا تاکوو بۆ تامەزرۆیی زانستی، خۆی هاوڕێ لەگەڵ مامۆستایەکەی بەرەو وڵاتی بێگانە بچێت و توانی بەپێی ڕاسپێری مامۆستایەکانی لە بارودۆخی زانستی و مەعنەویی فێرگە ناودارەکانی باشووری کوردستان بەهرەیەکی زۆر وەربگرێت.
مامۆستا عومەری پاش فێربوونی زانست، ئەزموون و بۆچوونی زاناکانی باشووری کوردستان، بە کۆڵەبارێک لە زانیارییەوە بەرەو نیشتمانی خۆی گەڕاوە. پاشان بۆ درێژەپێدانی خوێندن چووە دێهاتەکانی سۆفیانی شنۆ و جەڵدیان، کێلێ، خورینج، گەرگوولی خوارێ و چەند ئاوایی تری پیرانشار و مەهاباد و سەرقاڵی خوێندنی زانستە ئایینییەکان بوو.
لە ئاکامدا مامۆستا بە تێپەڕاندنی ساڵەکانی کۆتایی خوێندنی و نزیکەی بیست و چەند ساڵ لە فێرگە و حوجرەکان، زانسته ئایینییەکانی لە خزمەت زانا هەڵکەوتەکانی ئێران و عێڕاق، وەک مامۆستا عەبدوڵڵای سورخابی، حاجی مامۆستا موحەممەدی عەزیزی، مامۆستا یووسفی فەتتاحی و… خوێند.
لە کۆتاییدا لە ساڵی {١٣٣٩} لە ئاواییی شێلمجاڕان لە خزمەت زانای ناودار حاجی مامۆستا موحەممەدی بوداقی {ڕەحمەتی خوای لێ بێت} خوێندنی بە کۆتایی گەیاند و بەگوێرەی دابونەریتی کات، مۆڵەتنامەی فتوا و وانەوێژی لە دەستی پیرۆزی خوالێخۆشبوو مامۆستا بوداقی وەرگرت.
مامۆستا عومەری لە ساڵی “١٣٣٩”ی کۆچی هەتاوی بە پێشنیاری مامۆستای بوداقی و خەڵکی گوندی تووژەڵێ لەناوچەی خانێ ” پیرانشار ” بۆ مەلایەتیکردن و پێشنوێژی مزگەوت و وانەبێژی ڕووی لەو دێهاتە کردووە.
بەهۆی پێکنەهێنانی ژیانی هاوبەشی له‌و کاتدا، نزیکەی ساڵێک لەگەڵ فەقێیەکانی لە حوجرەدا ژیانی بەسەر دەبرد.
مامۆستا له زستانی ساڵی {١٣۴٠} هاوسەرگیری کرد و بەرهەمی ئەو زەماوەندە دە منداڵە، واتا سێ کچ و حەوت کوڕ، دوو کوڕی مامۆستا بە نێوی (ڕەئووف و موحەممەد) ڕێگەی باوکیان درێژه پێداوە و زانستە ئایینییەکانیان خوێندووە. مامۆستا تا ساڵی (١٣۶٢) لەو ئاوایییە ماوەتەوە و هاوکات لەگەڵ کوتنەوەی وانەی شەرعی و زانستی، بەشێوەیەکی بەربڵاو چالاکیی کۆمەڵایەتی و گشتیشی هەبووه، توانایییە سروشتییەکانی ببوو بە هۆکاری ئەوەیکە جێگە و پێگەیەکی گرینگی لەناو خەڵکدا هەبێت و هەر ئەوەش بوو بە هۆکاری ئەوە کە: مامۆستا عەبدووڵڵاهـ بە { مەلا عەوڵڵای تووژەڵێ } بناسرێ و بە شایەتی دەورووبەرییەکانی، ده هەڵسووکەوتکردن لەگەڵ خەڵک، وانەبێژی، دادوه‌ری، ڕامیاری و… سەرمەشقێکی کەم‌وێنە بووە.

مامۆستا دوای بیست ساڵ مانەوە لە گوندی تووژەڵێ لە ساڵی{١٣۶٣}ڕوو دەکاتە شاری پیرانشار بەڵام لەبەر بۆمبارانکرانی ئەو شارە، نەیتوانی لەوێ بمێنێتەوە و ناچار وەک خەڵکانی تر کۆچ دەکات و بەرەو دێهاتی گەزگەسک دەچێت.
مامۆستا عەبدووڵڵاهـ لە سەرەتای ساڵی(١٣۶۴) ڕووی کردە دێهاتی گەرگوولی خوارێ و هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە ئەرکی مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی بەجێ دەهێنا سەرقاڵی وانەبێژیش بوو و نزیکەی ( ١۶ )ساڵ لەو دێهاتە ماوە و چەندین مامۆستا لە ناوچەکانی دەوڕووبەر لە خزمەتی ئیجازەیان وەرگرت.

دواجار بەرێز مامۆستا عەبدووڵڵاهـ پاییزی ساڵی (١٣٧٩) بۆ درێژەپێدانی وانەکوتنەوە و ڕێنوێنیکردنی خەڵک گەڕاوە ئاواییی قەڵاتەڕەش، واتا شوێنی لە دایکبوونی. دوای نیشتەجێبوون لەو ئاوایییە زۆر فەقێ هاتنه خزمەتی و کۆتایییان بە خوێندنیان هێنا.
ساڵی ( ١٣٩٠ )بۆ “بە‌ڕێوه‌بردنی‌ ڕێوڕە‌سمی حە‌ج بەرەو عەڕەبستان وەڕێکەوت و دوای گەڕانەوە دەسبەجێ چووە مزگەوت و حوجرە. مامۆستا عومەری پەنجاوسێ( ۵۳ ) ساڵ خزمەتی بە ئایین و گەل و نیشتمانی خۆی کرد. لە ئاکامدا پاییزی ساڵی (١٣٩١) و دوای خزمەتێکی ڕاستەقینە و ماوەی دوازدە ساڵ بە هاودێهاتییەکانی خۆی، تووشی شێرپەنجەی گەدە بوو و پاشان که هەستی کرد ئیتر ناتوانێت بەشێوەیەکی شیاو خزمەت بەو ئایینە پیرۆزە بکات ئیزنی لە خەڵکی ئاوایی خواست تاکوو بە نیازی نیشتەجێبوون لە شاری پیرانشار و چاوەڕوانیکردنی مەرگ بە تەنیا جێی بهێڵن.
بەڕێزیان نزیکەی پێنج مانگ لە پیرانشار لەگەڵ ئەو نەخۆشییەی کە زۆری ئازار پێ دەگەیاند، په‌نجه‌شکێنی کرد و لەو ماوەیەدا کە مناڵەکانی، دۆستان و هەڤاڵانی سەردانیان دەکرد، سەرەڕای نالەباربوونی بارودۆخی جەستەیی ئامۆژگاری ئایینی پێ دەکرن. هەرگیز لە مردن نەده‌ترسا، چونکە کارنامەیەکی پاکی هەبوو و بە زەردەخەنەوە دیداری پەروەرێنی بێهاوتای دەخواست.

مامۆستا عەبدووڵڵاهـ هەژدەهەمی ڕێبەندانی ساڵی “١٣٩١”ی کۆچی هەتاوی، کاتژمێر پێنجی شێوانی ڕۆژی چوارشەممە، لە تەمەنی حەفتاوحەوت ساڵیدا، پاش کوتنی شادەوئیمان چاوەکانی بۆ هەمیشە لەسەر یەک دانان و کۆچی دوایی کرد.
ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ئەو زانا هۆزانە بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە توێژەکانی جۆراوجۆری کۆمەڵگا بە شکۆیەکی تایبەت بەڕێوەچوو، تەرمی مامۆستا لەناو خێڵی گەورەی دڵبەسۆیەکانی بۆ ناشتن بەرەو گۆڕستانی کۆنەخانێ “پیرانشار” بەردرا و بە خاک ئەسپێردرا.

هەندێک لە ڕاسپێرییەکانی مامۆستا عومەری بە ڕۆڵەکانی

خۆشەویستانم بۆم مەگرین، هەر کەس بۆ مەرگی من بگریت تاوانی لە ئەستۆی خۆیەتی، دونیا مەکەنە ئامانجی سەرەکی ژیان، بۆ گەشەکردنی ئایین و دونیاتان تێ بکۆشن، با دونیا بۆ ئێوە مەزرای ئاخیرەت بێت، دونیا تێپەڕ و نابەردەوامە بەڵام قیامەت بێبڕانەوەیە، لەگەڵ یەکتری و خەڵک بەجوانی هەڵسووکەوت بکەن، لە خواردنی ماڵی حەرام خۆ بپارێزن و…

هەندێک تایبەتمەندیی مامۆستا لە زمانی کۆمەڵێک لە فەقێیەکانی

ئەو گەورە پیاوە کە منیش ماوەیەکی دوورودرێژ، لەگەڵ تاقمێک له دۆستان لە خزمەتی وەک قوتابییەک لە خزمەتی وانەی فەقێیەتیم خوێندووە، خاوەنی خه‌سڵەتی زۆر بەرز بوو، ئەو کەسانەی که بەختەوەری ئەوەیان هەبووە لە کۆڕی وانه و وتاردانی ئامادە بن‌، چاک دەزانن کە وتەکانی دڵڕفێنی و گیرایییەکی تایبەتیان هەبوو، کەسایەتیی بەرزی مامۆستا له ڕوانینی هیچ کەسێکەوە شاراوە نەبوو، ئەگەر یەکێک بۆ ئەوەڵین جار چاوی بە مامۆستا کەوتبا، کەسێتیی هەڵکەوتووی ئەو زانا لێزانەی بۆ دەردەکەوت، بەڕێزیان مرۆڤێکی زۆر ڕەوشتبەرز و خاوەن بیر و هزرێکی جوان بوو.

لێزانی لە وانەکوتنەوەدا

هۆگرانی زانست بەتایبەتی فەقێیان، بەهۆی شارەزایی مامۆستا لە وانەکوتنەوە و وڵامدانەوەی مه‌سەلە دژوارەکاندا، بەردەوام تاریفیان کردووە.
توانایی فەقێیەکانی هەڵدەسەنگاند و لەگەڵ ئەوەیکە سەرقاڵی زۆریشی هەبوو هەمیشە لە وانەکوتنەوەدا پێداگری کات و نەزم بوو، گشت شاگردەکانی دان بە توانایی و لێزانی مامۆستا لە وانەکوتنەوەدا دەهێنن.

شارەزایی لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان

مامۆستا عومەری لە چارەسەرکردنی کێشەی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و ناوچەدا زۆر شارەزا بوو؛ بەڕێزیان ناکۆکییە لەمێژینەکانیان له ماوەی چەند کاتژمێرێک چارەسەر دەکرد، زۆرێک لەو پەروەندانەی کە پێوەندییان بە کێشەی بنەماڵەیی و خزمایەتی هەبوو، به ده‌ستی مامۆستاوه ده‌به‌ستران و چارەسەری دەکردن، چاڵاکی و ئەرکی بەرێزیان و دادوەری ژیرانەی خوالێخۆشبوو لە دێهاتی تووژەڵێ شایەتحاڵێکی پتەو بۆ ئەو لێزانییە و متمانەی زۆری خەڵک بە بەڕێزیانە.

مامۆستا عومەری لە ڕوانگەی هاوسەری

مامۆستا هاوسەرێکی دڵسۆز و مرۆڤێکی ناوازە بوو و کۆچکردنی بۆ من زۆر ناوادە بوو، جگە لە ڕەوشتی جوان و قسەی خۆش چیترم لێ نەدیت. پەژارەی زۆری من بۆ لەدەستدانی خۆشەویست و هاودەمی ژیانمە. لەگەڵ هەموو کەس بەجوانی هەڵسووکەوتی دەکرد، لە گشت بارودۆخێکدا لە نوێژی بەکۆمەڵ بەشدار بوو و…

لە کۆتاییدا لە پەروەرێنی بێهاوتا دەپاڕێینەوە ئەو هەوڵ و کۆششە کەمەمان لێ وەربگرێت و ڕوحی مامۆستا عەبدوڵڵاهـ عومەری لەگەڵ پێغەمبەران و شەهیدان و ڕاستگۆیان حەشر بفەرموێت و جێگای مامۆستامان ئەو جۆرەی کە خۆی باشتر دەزانێت بۆ پڕ بکاتەوە. ئامین